ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی پێنج خشتەکی
٨. نە هاودەردێ هەبوو فکری بە حاڵم کا نە غەمخوارێ
هەزار حەقم وت و نەشبووم وەکوو مەنسوور بە سەردارێ
نەما کەس دامەنی نەگرم پەنام بردە هەموو شارێ
نە هاودەردێ هەبوو فکری بە حاڵم کا نە غەمخوارێ
«ئەمان مردم عیلاجێ سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویساڵ یا قەتل یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ»
چ بۆ وەسڵ و چ بۆ کوشتن گەلێکم دیوە من وادەی
لە بەزمی خاسە بۆ من پڕ لە زەهری کردووە بادەی
لە ڕێی خوادا بڵێن گەر بیکوژی ئەو وەختە ئازادەی
«وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فریادم نەما سادەی
ڕەفیقان نیوە سووتن ئێوە نامەرد عەرزە هاوارێ»
نەفەس سینە و کەمانێکە دەری خست شۆری مەفتوونی
سەراپا بێ سەر و پا پێم ئەکا تەمسیلی مەجنوونی
کەلامم تێکەڵ و پێکەڵ شیعر نەیماوە مەزموونی
«لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی
وێران بێ نەمدی ساتێ لێی نەیێ ناڵەی بریندارێ»
چ سیحرێ بوو بە عیشوە عالەمێکت شێت و شەیدا کرد
بە حوسنی یووسفی خیلقەت لەبەر چی تووشی سەودا کرد
کەسێ ناڵێ سەنەم ئەم شۆری عەشقەت بۆ چی بەرپا کرد
«ئەلای هەر کەس ئەچم مەنعم دەکا خۆت بۆ چی ڕیسوا کرد
درێغ کوا حاڵزانێ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ»
لە خوبانا نیگار وەک خۆر لە ئەنجومدا بەڵێ تاکە
لەبەر ئەم حوسنەیە ئەو شۆخە بێ ئینساف و بێ باکە
بە دائیم هەر جەفا و جەوری کە ئەیکا وا هەمووی چاکە
«لە ژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە
فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بۆتە سەربارێ»
ئەمە کاری خودایە دامەنی هێناوەتە بەر پێت
وەکوو گەرد دامەنم گرتووی و ماچی ئەکەم بەر پێت
مەڵێ چاکەت چییە تۆ یا بکەم ئەم چاکەیە بۆ کێت
«سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من بپرسن لێت
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێ»
لە مەیدانی عەشقدا ئەم قسانە فەرموو کەی کوردی
وەیا کێ بوو لە شاعیردا وەکوو حەمدی دەس و بردی
بە تەخمیسی کە تەسدیقی بکا ئەم نەزمە بوو وێردی
«دوڕ و یاقووت ئەبارێ لەم کەلامە شیرنەی کوردی
خوا سا کوا لە دنیادا قەدرزان و خریدارێ»
ئەمان! مردم عیلاجێ، سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویسال یا قەتڵ یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ

وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فەریادم نەما سادەی
ڕەفیقان نیوە سووتن، ئێوە نامەرد، عەرزە هاوارێ

لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی
وێران بێ، نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ

ئەلای هەرکەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆچی ڕیسوا کرد؟
درێغ کوا حاڵ زانێ؟ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ

لە ژێر باری خەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە
فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بوو بە سەربارێ

لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەس بێ دەڵێ کافر
ئەمە چیت دیگە؟ تۆ سەگ مەرگی کارم ماگە پێت جارێ

سەبا! یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت
بڵێ کێشاویەتە مەیخانە چاوی بێچووە عەییارێ

دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی
خوا سا کوا لە دنیادا قەدر زانێ، خەریدارێ؟

«کوردی»
پێنج خشتەکی لەسەر شیعری کوردی

پەراوێز edit