چاوەکەت بۆ من لەباتی نێرگسی شەهلا بەسە
سەیری ڕوخسارت لەباتی لالەیی حەمرا بەسە
ڕۆیین و دانیشتن و هەستان و وەستانێکی تۆ
بۆ منی بێدڵ لەجیاتی سینەمای بەغدا بەسە
ڕادیۆم ناوێ کە گوێ بگرم لە دەنگی ساز و نەی
لەو دەمی پڕ شەککەرەت جوێندانی بێ مەعنا بەسە
چیم لە باسی لەشکری ئینگلیز و ئەڵمانی هەیە
لەشکری موژگانی تۆ بۆ حەملە و دەعوا بەسە
بێمە وەسفی قامەتت فیکرم ئەوەندە بەرز ئەبێ
بانگ ئەکەن -تەییارەچی! - جەولانی بۆ باڵا بەسە
مەتلەعی شیعرم سەریحە من کەوا شیعەی عەلیم
حوببی ئالی ئەو لەباتی نیعمەتی دنیا بەسە
گەه عومەر! ؟ گاهێ عەلی زێوەر سەباتێکت نییە
بەسیە دووڕەنگی و ڕیایی مەسرەفی بۆیا بەسە