ئاڵەکۆک

زێوەر add_a_photo
زێوەر دیوانی زێوەر
٧. کە تۆ ڕۆیی بە جوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا
کە تۆ ڕۆیی، به جوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا
کە ئاهوو ڕەم بکا، سەییاد به جوز ناڵە و فوغان چ بکا
لە سایەی عەسکەری موژگان و توڕڕەیی زولفی
نیگارم پادشای حوسنە، لە حاڵی عاشقان چ بکا
ئەلا ئەی عاشقی بێدڵ نیگارت میهرجۆ نابێ
لە قاپیدا عەبەس کەوتووی، فەقیرە دەرگەوان چ بکا
بە وەعز و پەندی دانا مەردی نادان بەهرەوەر نابێ
کە بەخت و تالعی ڕەش بێ گەڕانی ئاسمان چ بکا
لە هەر لا ئیتتیفاقێ بوو، ئەگەر کێوە عەدوو هیچە
کە پەششە ئیتتیفاقی بوو ئەبێ فیلی دەمان چ بکا
بە حوکمی حەق ڕەزا نابی ئەبەد مەتروود و مەحکوومی
ئەلا ئەی نەفسی دوون شەیتان ئەبێ غەیری زیان چ بکا
کە بەدخولقی تەبیعەت بێ بە میسقەل زەحمەتە لاچێ
لە دەست بووجەهل و ئەمسالی، ڕەسووڵی ئینس و جان چ بکا
لە دووریی تۆ ڕەقیبان و هەموو دنیام لەلا مەحوە
کە فەسڵی گوڵ نەما، بولبول لە باغ و باغەبان چ بکا
لە جیلوەی گوڵ لە نەشئەی مەی، لە عەکسی تەلعەتی ساقی
کە دڵ ژەنگی غەمی تیا بێ ئەبێ زێوەر لەوان چ بکا

پەراوێز edit