شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: کە تۆ ڕۆیی بە جوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا کە تۆ ڕۆیی، به جوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا کە ئاهوو ڕەم بکا، سەییاد به جوز ناڵە و فوغان چ بکا لە سایەی عەسکەری موژگان و توڕڕەیی زولفی نیگارم پادشای حوسنە، لە حاڵی عاشقان چ بکا ئەلا ئەی عاشقی بێدڵ نیگارت میهرجۆ نابێ لە قاپیدا عەبەس کەوتووی، فەقیرە دەرگەوان چ بکا بە وەعز و پەندی دانا مەردی نادان بەهرەوەر نابێ کە بەخت و تالعی ڕەش بێ گەڕانی ئاسمان چ بکا لە هەر لا ئیتتیفاقێ بوو، ئەگەر کێوە عەدوو هیچە کە پەششە ئیتتیفاقی بوو ئەبێ فیلی دەمان چ بکا بە حوکمی حەق ڕەزا نابی ئەبەد مەتروود و مەحکوومی ئەلا ئەی نەفسی دوون شەیتان ئەبێ غەیری زیان چ بکا کە بەدخولقی تەبیعەت بێ بە میسقەل زەحمەتە لاچێ لە دەست بووجەهل و ئەمسالی، ڕەسووڵی ئینس و جان چ بکا لە دووریی تۆ ڕەقیبان و هەموو دنیام لەلا مەحوە کە فەسڵی گوڵ نەما، بولبول لە باغ و باغەبان چ بکا لە جیلوەی گوڵ لە نەشئەی مەی، لە عەکسی تەلعەتی ساقی کە دڵ ژەنگی غەمی تیا بێ ئەبێ زێوەر لەوان چ بکا ++++++++++++++++++++++