ئاڵەکۆک

زێوەر add_a_photo
زێوەر دیوانی زێوەر
٦٨. تالیبی ڕووتم بە ئەگریجەت پەرێشانم مەکە
تالیبی ڕووتم بە ئەگریجەت پەرێشانم مەکە
من کە ئیسلامم حەواڵەی کافرستانم مەکە
کونجی عوزلەت ئیختیارم کردووە مەمهێننە دەر
عاشقم دێوانە نیم سا بەردەبارانم مەکە
نەقشی بەست حوببت لە دڵما، ئاسمان نایباتە دەر
سا کەمێ مەیلی منت بێ دڵپەرێشانم مەکە
دێمە بەردەرگانەکەت تەنها بەبێ یار و ڕەفیق
جاربەجار بمخوێنەوە داخڵ بە نیسیانم مەکە
چاوی مەستت شێخ و مەللا هەر دوو حەیرانی ئەبن
وا بە غەمزە ئەقڵ و دینت برد لە ئیمانم مەکە
بێستوون کەی وەک دڵی من تیشەکاریی لێ کرا؟
بۆ تەحەممول وێنەیی سامی نەریمانم مەکە
تەبعی میڕڕیخت هەیە بەو تەلعەتی وەک زوهرەیە
موشتەریی تۆم تالیبم، مەهتووکی یارانم مەکە
زێوەرە هەرجانفیدا بێ، دڵفیدا بێ سەرفیدا
مەمخەرە دەرد و موسیبەت تووشی هیجرانم مەکە

پەراوێز edit