دەماغ ئەمشەو موعەتتەر بوو، سەبا بۆی دڵبەری هێنا
حەیاتم تازە بوو ساقی شەرابی ئەحمەری هێنا
فیدای چاوی ڕەشی بێ دڵ ئەگەر نەیبا بە پەنهانی
بە قوربانی دوو ئەگریجەم، سەبا لەو عەنبەری هێنا
عەرەق کەوتۆتە سەر ڕوومەت وەکوو شەونم لەسەر ڕووی گوڵ
خەیاڵی قەددی تۆی کرد، دڵ موافیق عەرعەری هێنا
ئومێدی ئابی وەسڵم بوو، هەوای کیبرت زیاتر بوو
بەسەر خانەی دڵی سووتاو زەمانە سەڕسەڕی هێنا
بە غەیری من کە مەحروومم لە ماچی لێوی شیرینی
لە دنیا گەر هەبوو مەردێ لە چاهی غەم دەری هێنا
ئومێدی قەتڵی کێی بوو وا منی کێشایە خزمەت خۆی
بە حیلە و مەکر و عەییاری نەسیم ئەسکەندەری هێنا
بە پایەی شیعری ڕەنگاوڕەنگ خەیاڵی تازەگی دێنێ
لە دنیا کێ بە ئوستادی خەیاڵیزێوەری هێنا