ئەی ڕەفیقان وەرنە یاریم زۆر زەلیلم دڵشکاو
جان و دڵ مەحرووقی نارم، ئاخ لە بۆ تێڕێک دراو!
ئاخ لە بۆ تێڕێک دراوان، نووری دڵ، بینایی چاوان
مەرهەمی دڵ کۆکراوان، مۆمیای پشتی شکاو
کوا ڕەفیقێکی تەواو بێ، شێرمەرد و دەست بڵاو بێ؟
ساحیبی چایی و پڵاو بێ، حاتەمی دەوران بە ناو
زێڕ و زیو فیکر و خەیاڵمە، دایک و باب و مام و خاڵمە
دولبەری سەد ماه و ساڵمە، لازم و مەلزووم کراو
زێڕ و زیو بابی هەتیوان، غەوس و قوتبی هیچ نەدیوان
ئاخ کە لە منیش بۆتە میوان، دین و دڵ بۆی دانراو
هەر کە پارێکی دەبینم، دێتە کوڵ جۆشی گرینم
دادەنێم ئیمان و دینم، دێمە ئیکلام و سڵاو
دێمە ئیکلام و سڵاوان، زێڕ و زیو بینایی چاوان
ڕاحەتی جەرگ و هەناوان، گەر بە سیهابێ تەواو
چا و زێڕم بۆ وەدەرنێن، سوێند و موسحافم لە بەرنێن
خەنجەر و شیرم لەسەر نێن، عاشقم عاشقی دراو
عاشقم عاشق بە زێڕم، ئەی خودا چاوان دەگێڕم
پڕبکەی خورجین و تێڕم، دا منیش ببمە پیاو
قەد کەست دی تەرزی من بێ! ساحیبی منداڵ و ژن بێ
دەستمایەی کێر و گون بێ! ڕووت و قووت و کەس نەماو؟
غەرقی دەریایی ڕیا بێ، مەستی تۆبەی دوو هەوا بێ
عاشقی میسکین وەفا بێ ئەی خودا بیخەی لە داو!