شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: ئەی ڕەفیقان وەرنە یاریم زۆر زەلیلم دڵشکاو ئەی ڕەفیقان وەرنە یاریم زۆر زەلیلم دڵشکاو جان و دڵ مەحرووقی نارم، ئاخ لە بۆ تێڕێک دراو! ئاخ لە بۆ تێڕێک دراوان، نووری دڵ، بینایی چاوان مەرهەمی دڵ کۆکراوان، مۆمیای پشتی شکاو کوا ڕەفیقێکی تەواو بێ، شێرمەرد و دەست بڵاو بێ؟ ساحیبی چایی و پڵاو بێ، حاتەمی دەوران بە ناو زێڕ و زیو فیکر و خەیاڵمە، دایک و باب و مام و خاڵمە دولبەری سەد ماه و ساڵمە، لازم و مەلزووم کراو زێڕ و زیو بابی هەتیوان، غەوس و قوتبی هیچ نەدیوان ئاخ کە لە منیش بۆتە میوان، دین و دڵ بۆی دانراو هەر کە پارێکی دەبینم، دێتە کوڵ جۆشی گرینم دادەنێم ئیمان و دینم، دێمە ئیکلام و سڵاو دێمە ئیکلام و سڵاوان، زێڕ و زیو بینایی چاوان ڕاحەتی جەرگ و هەناوان، گەر بە سیهابێ تەواو چا و زێڕم بۆ وەدەرنێن، سوێند و موسحافم لە بەرنێن خەنجەر و شیرم لەسەر نێن، عاشقم عاشقی دراو عاشقم عاشق بە زێڕم، ئەی خودا چاوان دەگێڕم پڕبکەی خورجین و تێڕم، دا منیش ببمە پیاو قەد کەست دی تەرزی من بێ! ساحیبی منداڵ و ژن بێ دەستمایەی کێر و گون بێ! ڕووت و قووت و کەس نەماو؟ غەرقی دەریایی ڕیا بێ، مەستی تۆبەی دوو هەوا بێ عاشقی میسکین وەفا بێ ئەی خودا بیخەی لە داو! ++++++++++++++++++++++