بریندارە دڵم سەودازەدەی زولفی دڵارامە
مەکەن مەنعی دڵی زارم کەوا بێسەبر و ئارامە
بە ناز هات بۆ تەماشای شیوەنی دڵ، پێکەنی فەرمووی:
لەگەڵ گریەی سوراحی، نەشئەیی مەی، خەندەیی جامە
موفەسسیر غەمزەکەی ڕێزە و شکستەی زولفی مەعنا کرد
دەڵێ: چی کەوتە بەرپێم کافریش بێ سەر بە ئیسلامە
خەتی هات و بەسەرچوو ڕەونەقی زولفی دڵئاوێزی
لە تازیەی ئەهلی دڵ گیرانی ڕۆژ مەشهووری ئەییامە
بە مەرگی من هەتا ماوم سەرت وابێنە بیزانم:
ڕوخە یا بەرگی نەسرینە؟ لەبە یا شەککەری خامە؟
بە مەحزی ڕوئیەتی زولفت سەرم دانا، دەبێ چ بکەم
لەئەم بازاڕە تەرکی سەر کە ئەووەڵ سوود و سەودامە
بە غەمزەی چاو و لوتفی ئەو دەمە ڕۆحم وەبەر بێنە
دەمی تۆ ڕۆحی شیرین، چاوەکەی مەستت مەسیحامە
لەشەوقی ڕووت دەناڵێنم لە سایەی گەردەن و زولفت
گوڵستان بێسەدای بولبول نییە، گەر سوبحە، گەر شامە
بە تاتا زولف و ڕووی کردە وەفایی پێکەنی یەعنی:
شەکەر هەمڕاز و عەنبەر هەمسەر و گوڵ باغی باڵامە