شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: بریندارە دڵم سەودازەدەی زولفی دڵارامە بریندارە دڵم سەودازەدەی زولفی دڵارامە مەکەن مەنعی دڵی زارم کەوا بێسەبر و ئارامە بە ناز هات بۆ تەماشای شیوەنی دڵ، پێکەنی فەرمووی: لەگەڵ گریەی سوراحی، نەشئەیی مەی، خەندەیی جامە موفەسسیر غەمزەکەی ڕێزە و شکستەی زولفی مەعنا کرد دەڵێ: چی کەوتە بەرپێم کافریش بێ سەر بە ئیسلامە خەتی هات و بەسەرچوو ڕەونەقی زولفی دڵئاوێزی لە تازیەی ئەهلی دڵ گیرانی ڕۆژ مەشهووری ئەییامە بە مەرگی من هەتا ماوم سەرت وابێنە بیزانم: ڕوخە یا بەرگی نەسرینە؟ لەبە یا شەککەری خامە؟ بە مەحزی ڕوئیەتی زولفت سەرم دانا، دەبێ چ بکەم لەئەم بازاڕە تەرکی سەر کە ئەووەڵ سوود و سەودامە بە غەمزەی چاو و لوتفی ئەو دەمە ڕۆحم وەبەر بێنە دەمی تۆ ڕۆحی شیرین، چاوەکەی مەستت مەسیحامە لەشەوقی ڕووت دەناڵێنم لە سایەی گەردەن و زولفت گوڵستان بێسەدای بولبول نییە، گەر سوبحە، گەر شامە بە تاتا زولف و ڕووی کردە وەفایی پێکەنی یەعنی: شەکەر هەمڕاز و عەنبەر هەمسەر و گوڵ باغی باڵامە ++++++++++++++++++++++