ئەی پەڕتەوی حوسنت هەموو ڕەنگی گوڵەباغان
نەشئەی نەزەرت زەوقی دڵ و شەوقی دەماغان
ئەسما و سیفاتن بە تەجەللی لە وجوودت
یا شەو بوو ئەتۆ هاتی لەمەت کردە چراغان
تۆ هاتییە گوڵشەن بە سەر و زولفی بڵاوت
زۆر پێنەچوو ڕۆیی لە چەمەن لالە لە داغان
زولفت بە هەناسەم گەیییە سینەیی بازت
زستانە گوڵستان بووە پابەستەیی زاغان
ئەو کوڵمە کە ئارایشی سەد دایرە زولفە
گوڵ شەوقی بە شەو داوە چراغانە لە باغان
لەو ڕاستەیی بازاڕە چ نادەن بە دڵی من
هەر مەرحەمەتی تۆیە خڕیداری ئەیاغان
سەد نەشتەری غەمزەت لە دڵم دا، کەرەمت کرد
قانوونی تەبیبانە بپرسن لە نەساغان
سووتاوە دەروونم، وەرن ئەی موتریب و ساقی
تۆ لێدە لە تەنبوور و ئەتۆ پڕکە ئەیاغان
چارەی نییە دێوانەیی ڕووی تۆیە وەفایی
سەد ساڵ ئەگەر بیبەنە سەر پیر و وەجاغان