ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
٣٧. کار و پیشەی ئەم دڵەم چ بکەم خودا هەر زارییە؟
کار و پیشەی ئەم دڵەم چ بکەم خودا هەر زارییە؟
سەیلی فرمێسکم وەکوو جۆگە لە چاوم جارییە
سەروە یا شمشادە؟ یاخۆ عەرعەرە، یا نارەوەن؟
یا چنارە یا کە تووبای قامەتی دڵدارییە؟
نوختەیی ئایاتی قورئان، یا نە هیندووی خەتتی تۆ
یا سەوادی عەینە، یاخۆ خاڵی سەر ڕوخسارییە؟
بێ قسە وەختی تەبەسسوم سەد هەزارانی دەکوشت
یا نە غیلمان، یا پەری، یا حوورە، یا گوڵزارییە؟
مات و حەیرانم کە بۆچ ئەمڕۆ دەمی هێنا ئەمە
یا نە تەئسیری فوغانە، یا نە وەعدەی پارییە؟
زەخمی ناسۆری قەرارە، یا نە ئێشی خەنجەرە؟
یا خەدەنگی چاوی بیمارت لە جەرگم کارییە؟
دەنگی قووقووی قومرییە، یاخۆ سەڵایی شیوەنە؟
دەنگ و نەغمەی بولبولە یا ناڵەناڵی تارییە؟
ئەشکی دوو چاوی وەفایی سوورە جارێ ئاوییە
چونکی لێوی لەعلە گەردەنبەندەکەی مروارییە

پەراوێز edit