ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
٢٨. نیگارا! دڵبەرا! نامیهرەبان! یاری جەفاکارم
نیگارا! دڵبەرا! نامیهرەبان! یاری جەفاکارم
بە زاری کوشتمت! تاکەی دەفەرمووی من وەفادارم؟
دەڵێی مورغی شەباهەنگە لە دەوری سوبحی دیدارت
لە حەلقەی زولفی تۆ دێ دەم بەدەم ناڵەی دڵی زارم
بە دەردێ موبتەلا بووم جاهیل و دانا کە حەیرانن
مەگەر چاوی نەخۆشی تۆم نە مەخموورم نە هۆشیارم؟
گەهێ سووتاوی ئەبرووتم، گەهێ پابەندی گیسووتم
لە لایەک ڕوو لە میحرابم، لەلایەک ڕوو بە زوننارم
نیشانەی قاتیلی نامیهرەبانم زاهیرە یەعنی:
فەرەنگی خەت و زەنگی زولف و هیندوو خاڵ و دڵدارم
بە تای زولفی و چینی توڕڕە دین و دڵ دەبا چاوی
دەڵێی من خانەوادەی ئاهوانی چین و تاتارم
وەسییەت بێ کە مردم تەخت و تابووتم لە عەرعەر کەن
هەتا عالەم بزانێ من شەهیدی قامەتی یارم
«وەفایی» دوور لە تۆ پەیوەستە حاڵی شین و گریانە
لەبەر چاوت بە سەد جێ وەک نیشانەی دڵبریندارم

پەراوێز edit