بە بێباکی دەمێکی هات و داغی کردم و ڕۆیی
دەبێ حاڵی چ بێ بولبول، بەهار زۆر پێنەچوو ڕۆیی؟
نیگار هات دایە خەندە، کەوتە دونیا ئاه و ناڵەی من
بەهار هات غونچە پشکووت، دەنگی بولبول سوو بە سوو ڕۆیی
فەراقم کرد لە پاش تۆ، هیچ حەیاتم پێنەما، قوربان
حەیاتی من کە تۆی، مەعلوومە نامێنم، کە تۆ ڕۆیی
لەسەر ماچێکی زاری خۆت کە نەتدا ڕەنگ نەبوو زیز بی
عەزیزم بێ وەفاییت کرد لە سەر هیچی نەبوو ڕۆیی
خەرامان هات و چوو دڵبەر، وەفایی ما بە ناکامی
درێغا عومری شیرینم چ زوو هات و چ زوو ڕۆیی؟