ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٢٨. ئەمان موتریب بێ ساقی وا بێ
ئەمان موتریب بێ ساقی وا بێ
ئەگەر مەی نابێ بۆ خۆی با بێ
کەسێ بێهۆشی تەجەللا بێ
خەیاڵی نەشئەی بادە نابێ
هەتا نەبیە خاکی مەیخانە
مەڵێ ساقی بێنە پەیمانە
مەحاڵە بگاتە شەم پەروانە
مەگەر سەر تا پێ ئەو سووتا بێ
لە تاتای زولفان ڕووی تابانە
دەڵێ شەو شەوقی گوڵباغانە
وەک دەڵێن ئەمشەو چراغانە
بەڵکوو شای گوڵزاران وا ڕابێ
نەخۆشم کەوتووم بێ زوبانم
دەناڵم لەبەر دەردی گرانم
بەبێ ئەو شۆخە خۆم دەیزانم
دەوای من نایێ سەد مەسیحا بێ
نەخۆشم کەوتووم دەردەدارم
وەک زولفی دولبەر بێقەرارم
ڕۆح لەسەر لێو چاوەڕیی یارم
یار دەڵێن: وا دێ، تۆ بڵێی وا بێ؟
تۆ و غەمزەی چاوی زوبانزانت
تۆ و سەری زولفی پەرێشانت
مەیێڵە بمرم لە هیجرانت
بڵا مەجنوون بێ بە لەیل شا بێ
گەر دەگرم زولفت، دەڵێی کافر بووی
دەست بۆ دێنم، دەڵێی چاتر بووی
بە هەر حاڵ بۆ من تۆ ئاور بووی
فیدای مردن بێ ژیانێ وا بێ
یاخودا بە ناڵەی دڵئێشان کەی!
یاڕەب بە یاهووی دەروێشان کەی!
غەمی جەرگی من پەرێشان کەی!
ڕووت لەنێو زولفت بۆ بڵاو نابێ؟ !
دەمێکی وا بێ ئەی مایەی سەبرم
بە دڵ دامانی زولفت بگرم
هەتا کەی ئاخر هەر بۆت بمرم؟ !
تاوێک نا تاوێک سەڵام لێ ڕابێ
ئەگەر یار بێتە گۆشەی قەسرێ
دڵێکی دەم بە دەم ئاور نەگرێ
بە دیدارێکی سەد جار نەمرێ
دڵی وام ناوێ تووری سینا بێ
نە زولفی تۆم، بۆچ بێقەرارم؟ !
نە چاوی تۆم، بۆچ وا بیمارم؟ !
عەجەب شێواوە سەر و کارم
دیارە دەردێ بێدەوا بێ
دەمێکی ڕووت بگرم زولفت لادەم
بە خۆشیی هەردووک دونیات نادەم
کە تۆم بێ چم لە ڕەوزەیی ئادەم؟
بەهەشت وا خۆشە تۆی تێدا بێ
چەند خۆشە ئەمن و تۆ هەتا مردن
وەک زولفی تۆ بین: دەست و گەردن
لە تۆ گوڵ گوڵغونچەت وا کردن
لە من قوربان بوون تا ڕووح مابێ
مەگەر تۆ بووی و هاتیە خەندە
کە وا دونیا پڕ لە کەلەقەندە
بە مەرگی من بڵێ نرخی چەندە؟
دەڵێی دڵ؟ هانێ! دەڵێی ڕۆح؟ تا بێ!
دەڵێ: گوڵزارم، گەردەن ئاسکم
وەنەوشە بسکم، زیوین باسکم
بڵا بزانێ چەند نەرم و ناسکم
ئەگەر ڕووح دێنێ وەفایی با بێ!

پەراوێز edit