ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٢٧. دیسان نەسیمی بەهار، نەرم نەرم هاتە خوار
دیسان نەسیمی بەهار، نەرم نەرم هاتە خوار
دونیای زیندوو کردەوە بە ئەمری پەروەردگار
بە ئاه و گریان دیسان، هاتەوە هەوری نیسان
جگەر پڕ ئاو و ئاور، وەک عاشقی بێقەرار
هەوا لە بەرگی گوڵان، تەبەق تەبەق عەتری سوو
سەبا لە بۆی یاسەمەن، چەمەن چەمەن موشکبار
هاتەوە بادی وەزان، بوو بە بەزمی نێو ڕەزان
کانی بە تاو هاتنە ژان، وەنەغمە کەوت ئابشار
نمەکفرۆشی داغان، کردیانە شەوچراغان
سوورەگوڵی ڕەز و باغان وەنەوشەیی جۆیبار
سەمەن عەتری بە با دا لە نێو چەمەن گوڵ گوڵاو
عەبیر عەنبەری هێنا وەنەوشە میشکی تەتار
فریبی دین و دڵان لە پەردە بووکی گوڵان
سەبر سەبر هاتەدەر بە ناز و مەست و خومار
دێن و دەچن وەحش و سڵ دەست بەندیانە بە دڵ
نارەوەن و سەرو و گوڵ لە شایی بووکی بەهار
لە نێو بەزمی گوڵستان، بە سەر، بە پێ، بە دەستان
هاتنە سەمایە مەستان، نەومەستەکانی گوڵزار
لالە و گوڵ بێسەدان، شەهیدی عەشقی خودان
ئەم بە تەنی پڕ لە خوێن ئەو بە دڵی داغدار
گوڵ تار و زەرد و شینە، بەرگی زوموڕڕەدینە
نەقش و نیگاری چینە، دەشت و دەمەن کۆهسار
هەوای گوڵانیان بزووت، هاتنە باغێ تاق و جووت
فاختە و عەندەلیب، بولبول و کەبک و هەزار
هاتنە چەمەن کەف‏زەنان، خۆش نەفەس و نەغمەخوان
قومریی و دوڕڕاج و سار، بە ساز و سەمتوور و تار
بادی سەبا مەست و چوست، هەروەکوو شاهید پەرست
دەستی لە ڕووی گوڵان خست، بەربووە بووس و کەنار
زولفی ڕەشی سونبوڵان، خستیە سەر و ڕووی گوڵان
ئایەتی نارد بۆ دڵان، حاجیبی لەیل و نەهار
بۆ دەرسی ئەربابی دڵ، پەڕ پەڕی ئەوراقی گوڵ
هەر دەرسی عیشقە حاسڵ، سەرمەشقی ئامووزگار
وەنەوشە و گوڵ خەمڵیوە، عیبرەتە چی نەدیوە
لە یاقووت و لە زیوە، فەزا بە خەتتی غوبار
باغ نییە مەیخانەیە، پڕ مەی و پەیمانەیە
هەر شەم و پەروانەیە، لەبەر چاوی هۆشیار
غەیری ئاوی زۆر و کەم، بە زەمزەمەی زیر و بەم
دەخوێنین بە هەموو دەم، مەعریفەتی کردگار
«وەفایی» ئیدی بەسە، عیشق و هەوای مەدرەسە
بینووسە ئەم هەندەسە، بێنە خەت و خاڵی یار
بچۆ بەلای دڵڕوبای، بە سەر بە یادی بەقای
هەتا ئەتۆ بێوەفای، بە خۆت مەکە ئیعتیبار
دەمێک نەفس بگرەوە، وە دووی دڵی خۆت کەوە
بزانە ڕۆژ یا شەوە، خەوت نەیە هەستە کار
هەزار سەوم و سەلات بێ، چاوت لە دووی زەکات بێ
خودات نییە حەیات بێ، قەت وانییە تۆبەکار
تف لە ڕەنگ و ڕەوانت، دەگەڵ فیعل و ژیانت
چی تێدایە دووکانت؟ چت لێبکڕێ خڕیدار؟
مومکینی سڕڕ و نەهان، هەم سوحوفن هەم بەیان
هەم کیتابن هەم زوبان، بە وەسفی پەروەردگار
قسە بیست و چوارە، هەر یەکێکیان بەکارە
رێگای خودای دیارە، بمرە ببە ڕەستگار
لە خەو لە خۆوە هەستە، حەیات بێ! هێندە بەستە
«وەفایی» گێژ و مەستە، دەنگە لە شار و بازاڕ

پەراوێز edit