ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٢٣. بۆچی هەودای زولف و دڵ حاکم لە ڕووی جانانە بوو
بۆچی هەودای زولف و دڵ حاکم لە ڕووی جانانە بوو
ئەو پەرێشانییە هەموو تەقسیر و سووچی شانە بوو
موددەتێک بوو نووری چاوم چوو بوو، ڕۆژم ببوە شەو
ڕووی درەخشانی لەبەر زولفی پەرێشان وا نەبوو
زولفی لادا هەر بە ئوممێد بووم کە ڕۆژ ئاوا ببێ
ماڵی من وێران بوو عومری من چوو، ڕۆژ ئاوا نەبوو
قەترە قەترە خوێنی چاوم یەک دەم ئارامی نییە
ڕۆژێکی بۆ کاروانی عاشقان ئاوا نەبوو؟
وەک چرا سووتام و ڕوحمێکی بە حاڵی من نەکرد
جارێکی لوتفێ لەلای ئەو یارە بێپەروا نەبوو
زولفی لادا خاڵی ڕووی دەرکەوت و هیچ ڕووی پێ نەدام
شەو چوو ئەستێرەی بەیان هات، ڕۆژی من پەیدا نەبوو
لەوحی مەحفووزم لەبەر چاوی بە سەد دڵ خوێندەوە
غەیری بیماری نەسیبی عاشقی شەیدا نەبوو
بەستەیی زنجیری زولفی تۆم نیگاهێ! ڕەحمەتێ!
ئەی تەبیبی میهرەبان! ئامان دڵم دێوانە بوو
یا نەخۆشی چاوی تۆم یا بێقەراری زولفی تۆ
عاشقی بێچارە قەت بێدەرد و واوەیلا نەبوو
وا بە دەردی چاو و داغی زولفی تۆ حاڵم نییە
وەک نەخۆشێکی پەرێشان چی کوتم هیچ وا نەبوو
پەڕپەڕی ئەوراقی دڵ پڕ خوێنی وەک گوڵ کردووە
دەفتەرێکە پڕ لە خوێن هەر ئەو بوو چی تێدا نەبوو
قەت بە چاوی سووک تەماشای ڕەند و ڕووتێکی مەکە
ئەی بەسا ئاوری نیهانی موهلیکی سەد خانە بوو
هەر دەمێکی مەزهەری دیداری وادی أیمنە
خۆ تەجەللا مونحەسیر بۆ سینەیی سینا نەبوو
باغەبان بۆ خۆی کە هات ئارایشی گوڵزاری دا
خاری میسکین تۆ بڵێی چ بکا گوڵی ڕەعنا نەبوو؟ !
ئەی فرووغی زوڵمەت و نوور! تۆ و چراغی دین و دڵ!
ڕەحمەتێ، وەبزانە ئەم وێرانە هەر ئاوا نەبوو
گوڵ بەبا سونبوول بە تاراجی خەزان چوو عاقیبەت
هەچ گوڵێک لافی لە ڕەنگ و بۆت نەدا ڕیسوا نەبوو
گەر ئەتۆ لوتفێک بفەرمووی بێزوبانی من بەسە
مەیلی تۆ بوو وەرنە ئادەم عالمی ئەسما نەبوو
تا بە ئاه و ناڵە نەگریت فەیزی ڕەحمەت زەحمەتە
بێ نەسیمی بەرق و باران جۆششی دەریا نەبوو
شای گوڵان، سولتانی خووبان، ئەوشۆ هات دامەنکەشان
ڕۆژ و شەو، خورشید و زوڵمەت، گەنجی نێو وێرانە بوو
بانگی نۆشانۆشی ساقی، دەنگی موتریب، سەوتی تار
قووتی جان، ڕۆحی ڕەوان، ئارامی دڵ قەت وانەبوو
دڵ بە دڵبەر، جان بە جانان، شاد و خوڕڕەم کەفزەنان
وەسڵی بولبول، بەزمی گوڵ، شایی شەم و پەروانە بوو
خاڵی گۆشەی چاوەکەی فەرمووی، وەفایی پێت بڵێم
«تا نەبوومە خادیمی مەیخانە کارم چا نەبوو!»

پەراوێز edit