ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٢٢. چاوی پڕ خوێنم دەگێڕم قیبلەکەم پەیدا نییە
چاوی پڕ خوێنم دەگێڕم قیبلەکەم پەیدا نییە
نووری چاوم ڕۆییوە یا دیدەکەم بینا نییە؟
وەک نەیستان ئاورێ بەربۆتە دەروونم بەندبەند
دڵ کە هەروەک نەی دەناڵێ دەم بە دەم بێجا نییە
ئەی چرا لەحزێک مودارا تێر ببینێ ڕەنگ و ڕووت
وەرنە پەروانەی غەریب جان و دڵی پەروا نییە
بۆ نیساری مەقدەمت عومرێکە دەگریم ڕۆژ و شەو
تا بەکەی گەوهەرفشانی، چاوەکەم دەریا نییە؟
چی دەکەم، دەگریم، دەسووتێم، ئاوری دڵ نامرێتەوە
چ بکەم ئاخر نووری دیدەم، سینەکەم سینا نییە
گەر هەزار جار بێ بە کۆی زووخاڵ بە نووری کێوی توور
ئەو دڵە، جۆیایی یەک دیداری وەک مووسا نییە
هات و ڕووی وا کرد و دونیای کردە ناڵەی عاشقان
دا نەڵێن نایێ قیامەت، ڕۆژی واوەیلا نییە
حەڵقە حەڵقە تاری زولفت خستە سەر ڕووی نازەنین
دا نەڵێن ڕۆژ حەڵقەگۆشی ماهی شەوئارا نییە
پێکەنی مەمنوونی کردم، زولفەکەی دامێ بە دڵ
دا نەڵێن شەککەرفرۆشی ئێمە خۆشسەودا نییە
خۆم بەسەر گێڕا کوتم: قوربان پەرێشانی بەسە!
سوێندی خوارد بەو زولفە وەسڵم عەینی سەرگەردانییە
مەنعی ناڵینم لە شەوقی گەردەن و ڕووی خۆت مەکە
بولبولی سوبحی بەهار بێشین و واوەیلا نییە
دڵ کە بەستەی زولفە لەو لێوانە مەحڕوومی مەکە
بێشەکەر ئەم تووتییە ناژی کە هێندوستانییە
گا بە ناز، گاهێ بە غەمزە مەمدە بەر تیغی برۆت
کوشتنی عاشق بە هیچ دینێکی قوربان چا نییە
با فریبی من نەدا واعیز بە گوڵزاری ئیرەم
عاشقی ڕووی تۆ بە هەویای جنة المأوی نییە
گەر هەموو عالەم بڵێن: مەجنوونە، تا دەمرم دەڵێم:
هەردوو دونیا قیمەتی دیداری یەک لەیلا نییە
داد لە دەست حوسنت کە زولفت نابێ بێ ناڵەی دڵان
ئارێ ئارێ دائیرەی شاهانە بێغەوغا نییە؟
چت لە وەسڵی زولفی من؟ فەرموو وەفایی ها دەمم
تالیبی عەیشی ئەبەد بە، عومری دونیا فانییە
سەد هەزار دڵ پێکەنی وەک گوڵ بەدەم بادی بەهەشت
یا هەناسەی جانفەزای گوڵزاری غەوسی سانییە؟
جانشینی حەزرەتی غوث الخلایق قوتبی حەق
فەرعی تاها ئەسڵی یاسین نەوبەری گەیلانییە
ڕەوشەنی چاو و قولووبی عاریفە عەکسی دڵی
کێوی توورە، مەزهەری نوورە، کلی سوبحانییە
پێی لەسەر شانی هەموو وەلیانە جەددی خۆی دەڵێ
جێی لەسەر چاوانە شاه و شانشینی سانییە

پەراوێز edit