ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١١١. فەرمووتە کە من پادشەهی حوسنی دڵارام
فەرمووتە کە من پادشەهی حوسنی دڵارام
خورشید و مەهن ئایینەداری ڕوخی زیبام
فیردەوسە جەمالم بە نیهالی قەدی تووبام
یەعنی بە دوو لەب ساحەبی ئیعجازی مەسیحام
ماچێکی دەمم کافییە بۆ کوشتەیی باڵام
فنجانی دەمت ساغەرە یا قووتی ڕەوانە؟
وەک نەشئی حەیاتی دڵە یاقووتی ڕەوانە!
ئەو چاوە تەبیب و بەڵەدی دەردی دڵانە
عیللەت چییە بۆ من کە حەکیمێکی نەزانە؟
جێی نەشتەری وی ئاگری بەردا دڵ و سووتام
ئەگریجە و پەرچەم مەدەدی نێرگسی کاڵن
فەوجی حەبەشن، لەشکری سوڵتانی جەماڵن
ئارایشی ڕوو و ڕەونەقی باغی خەت و خاڵن
هەر یێکە لەلایێ بە ئومێدی سەر و ماڵن
بەو داوی ئەوی بەستەیە خۆم و دڵی شەیدام
من سایلی ئاشوفتەگیی زولفی دوتا بووم
تێک چوو کە ئەمن عەنبەری تەڕ، میشکی خەتا بووم
من هەم نەفەس و هەمدەمی شازادە و شا بووم
تا دیم گوڵی تۆ عاشقی ئەندامی بەڵا بووم
سەرگەشتە ئەوێستا کە لە دووی گوڵبونی باڵام
ئەبرۆ و جەبین و ڕوخی بێ شیبه و میسالن
تێکەڵ بە گوڵ و یاسەمەن و غەرقی لوئالن
بۆ موڵکی جەماڵی کە شەهەنشاهی جەلالن
یا شەمس و قەمەر، قەوس و قەزەح، بەدر و هیلالن
وا جوملە هەڵاتوون لە گەریبانی گوڵەندام
خەت هاتووە دەوری لەب و ڕووی داوە لە سەردا
یاخۆ حەبەشی فایەقە داغی لە جگەر دا؟
گوڵزاری دەمی پوستە و باغی گوڵی بەردا
یا لەشکری کێشاوە بە زێی شیر و شەکەردا؟
شەڕیانە لەسەر کەعبەیی ڕوو کافر و ئیسلام
ئەی میشکی خەتایی خەت و خەت جەوهەری کوڵمت
ئەی سونبولی تەڕ دووکەڵی سەر مەجمەری کوڵمت
سووتاوە وەفایی لە هەوای ئاگری کوڵمت
سا ئەو دەمە وا بێنە ئەتۆ بی و سەری کوڵمت
غەیری ئەوە –بیللا– نییە لەو لێوە تەمەننام

پەراوێز edit