ئاڵەکۆک

ناری add_a_photo
ناری دیوانی ناری
٧٩. ئەی فەلەک سەرگەشتە بی بۆ گەردشێ هێناتەوە
ئەی فەلەک سەرگەشتە بی بۆ گەردشێ هێناتەوە
ئەهلی عیززەت پاکی سەرگەشتەن بەدەس سەوداتەوە
گەردشت: ساقی، قەدەح: دنیا، موسیبەت بوو بە چات
خۆ لە دنیادا نەبوو لەو چاتە کەس نەیخواتەوە
وەزعی تۆ تەرکی سەفایە، قەلبی تۆ ڕەسمی جەفا
بۆ ئەکەی مەیلی وەفا تۆ بەم دڵ و حاڵاتەوە
چینی پێشانیتە خەتتی میننەت و زوڵم و ستەم
نەخشی میحنەت وا بە تەختەی قاپیەی دەرگاتەوە
مەسڵەحەت چونکوو نەبوونی تۆیە، سا زاتی خودا
زوو بە زوویی بتگرێت و بتکوژێ و بتباتەوە
مەنعی کەس ناکەم لەسەر ڕەفتاری بێ میزانی تۆ
پێت بڵێ لاچۆ سەر و ئەتوار و شکڵت خواتەوە
بۆ چی ئینسافە لە لای تۆ زومرەیی ئالی عەبا
قەیدی زیللەت بێ بە دەستی کافری بەد زاتەوە
پارە بوو سەد دڵ بە نووکی نەشتەر و خاری جەفا
داخی زوڵمت وا بە لالەی ڕوومەتی ساداتەوە
شین و ئاهی کەربەلا و نەینەوا هاتۆ بە نەو
نۆبەتی دەرد و غەمی ئالی محەممەد هاتەوە
بۆ پەرێشان حاڵی و حوزنی پەشێوی فەوجی گوڵ
جەمعی بولبول وا لە شیوەندا بەڕووی باغاتەوە
چون نەما شادی لە بۆ ئەولادی مەحبووبی خودا
لازمە بۆ هەر کەسێ بەیداغی غەم هەڵ کاتەوە
بۆ شێخ ئەحمەدی حەفیدزادە

پەراوێز edit