شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: ئەی فەلەک سەرگەشتە بی بۆ گەردشێ هێناتەوە سەبارەت: بۆ شێخ ئەحمەدی حەفیدزادە ئەی فەلەک سەرگەشتە بی بۆ گەردشێ هێناتەوە ئەهلی عیززەت پاکی سەرگەشتەن بەدەس سەوداتەوە گەردشت: ساقی، قەدەح: دنیا، موسیبەت بوو بە چات خۆ لە دنیادا نەبوو لەو چاتە کەس نەیخواتەوە وەزعی تۆ تەرکی سەفایە، قەلبی تۆ ڕەسمی جەفا بۆ ئەکەی مەیلی وەفا تۆ بەم دڵ و حاڵاتەوە چینی پێشانیتە خەتتی میننەت و زوڵم و ستەم نەخشی میحنەت وا بە تەختەی قاپیەی دەرگاتەوە مەسڵەحەت چونکوو نەبوونی تۆیە، سا زاتی خودا زوو بە زوویی بتگرێت و بتکوژێ و بتباتەوە مەنعی کەس ناکەم لەسەر ڕەفتاری بێ میزانی تۆ پێت بڵێ لاچۆ سەر و ئەتوار و شکڵت خواتەوە بۆ چی ئینسافە لە لای تۆ زومرەیی ئالی عەبا قەیدی زیللەت بێ بە دەستی کافری بەد زاتەوە پارە بوو سەد دڵ بە نووکی نەشتەر و خاری جەفا داخی زوڵمت وا بە لالەی ڕوومەتی ساداتەوە شین و ئاهی کەربەلا و نەینەوا هاتۆ بە نەو نۆبەتی دەرد و غەمی ئالی محەممەد هاتەوە بۆ پەرێشان حاڵی و حوزنی پەشێوی فەوجی گوڵ جەمعی بولبول وا لە شیوەندا بەڕووی باغاتەوە چون نەما شادی لە بۆ ئەولادی مەحبووبی خودا لازمە بۆ هەر کەسێ بەیداغی غەم هەڵ کاتەوە ++++++++++++++++++++++