ئاڵەکۆک

ناری add_a_photo
ناری دیوانی ناری
٧٣. دڵ کە سەرمەستی ئیشارەی نێرگسی جانانە بێ
دڵ کە سەرمەستی ئیشارەی نێرگسی جانانە بێ
نامەوێ قەد بادەنۆشی مەیکەدەی مەیخانە بێ
تۆ خوا تاکەی ئەمن قوربانتم سەروی ڕەوان
ڕازی عەشقی من لە کووچەی شاردا ئەفشانە بێ
بەس لە گوڵزاری ڕوخت مورغی دڵم ئاوارە کە
حەیفە شەمعی عاریزت بێ بولبول و پەروانە بێ
لەحزەیە نەمدی، کە دیتم تاقی میحرابی برۆت
تاری کاکۆڵت بە شانەی ئاهی من تاتا نەبێ
خێوەتی قوتبی لە مەیدانی موحەببەت هەڵ دەدەم
مورشیدی عیشقم ئەگەر ئەو ماهی نوور ئەفشا نەبێ
چاوەکەم چاکە لە پێش چاوی جەمیعی خاس و عام،
بولبولی وەک من لە گوڵباخی دەمت بێگانە بێ؟ !
نامەوێ بەو شەرتە شوعلەی ئافتابی بێ بەقا
ڕۆژی ڕوخساری عەلی خانم لە سەر ئاوا نەبێ
چەند بە شیرینی دەچێ قیبلەم لە ڕێگەی مەکتەبا
ڕۆحی شیرینم فیدای خاشاکی مەکتەبخانە بێ
خزمەت و گەردن کەچی قابیل بە من بوو عاقیبەت
ئیلتیفاتێکت نەبوو وا لایقی ئاغا نەبێ
چیم لە ماچین و خەتا داوە، هەتا ماچینی من
پەرچەمی چین چینی شیرینانی مەکتەبخانە بێ
لێم گەڕێ با کەشفی ڕەمزی مەسئەلەی خاڵت بکەم
شاریحی فتح المبین چاوم دەبێ ئیحیا نەبێ
ناریا بۆ شیعری مەدحی شۆخی شیرینی عەلی
حەیفە ئەشعارت بە تەرزی بەیتی بێکارانە بێ

پەراوێز edit