فەلەک بۆ گەردشی تۆ لەحزەیە تەرکی جەفا ناکا
بە قانوونی ئەدەب شەرمێ لە خاسانی خودا ناکا
مەگەر ئەو مادەری شمری سەگ و بووجەهلی مەلعوونە
کە وا قەت تەرکی غەم پێدانی ما تحت العبا ناکا
بە تەرزێ ئیبنومەلجەم پارە بێ جەرگی کە وا
ڕەحمێ بە ئاه و سۆزشی سینەی حەزینی مورتەزا ناکا
یەقینم وایە توشنەی خوێنی ئەولادی موحەممەد بوو
کە قەت خۆفێ لە هەنگامەی خرۆشی کەربەلا ناکا
بە بێ میهری، بەڵێ مەشهووری ئافاقە، فەلەک بۆیە
لە شاهی ئەنبیا شەرمێ، لە فرزەندەی حەیا ناکا
دەسا با بێینەوە سەر واقیعەی سالاری دینپەروەر
ئەگەرچی خامە عوشرێکیش لە عینوانی ئەدا ناکا
حەفیدی حەزرەتی کاک ئەحمەدی قوتبی سلێمانی
کە بێ ئیمدادی فەیزی بەرگی گوڵ نەشئە و نوما ناکا
لە شاری موسڵا وەسلی بە ئەنواری شەهادەت بوو
بەڵێ ڕوتبەی شەهادەت، تەرکی ئالی مستەفا ناکا
حوسەین ئاسا لە مەوجی خوێندا پەیوەستە فەرموویە
دەسا بۆ کەس خەیاڵی «من سقانی، قد نجا» ناکا
ئەگەر دابی موسڵمانی وەها بێ وەک لە موسڵدا
بە حوسنی دینی ئیسلامی، فەرەنگی ئیعتینا ناکا
عیباداتی گرۆهی موددەعی بەد تینەت و عاسی
لە دیوانی جەزا بێ شک بە قەد یەک جۆ بەها ناکا
مەگەر موسڵ بە ئاهی حەزرەتی زەهرا سەروبن بێ
وەئیللا قەتڵی ئالی زەخمی ئەهلی دڵ دەوا ناکا
عەجەب ماوم لە سوککانی فەلەک، یەعنی مەلەک بۆچی؟
کە ئەمری تەعزیەی ئیسلامی ئەم میحنەت سەرا ناکا
کەسێ یەک زەڕڕە ئیمانی لە دڵدا بێ بە ئیمانم
قبووڵی بوردەباری زیللەتی ئەم ماجەرا ناکا
نەماوە ئابڕوو بۆ ئەهلی گوڵ عەنبەر لە عالەمدا
بە بێ شک جوو لەمەو لاوە لە قوتبیش مەرحەبا ناکا
سلێمانی بەبێ «نی» واقیعەن تەسغیری سەلمایە
کە ئەهلی وەک زەعیفەی بێ هونەر مەیلی غەزا ناکا
ئەگەر گوڵ ئابڕووی مابێ، ئەبێ هەر سەر بە زانوو بێ
ئەگەر عیرفانی بێ بولبول بە ڕووی گوڵدا نەوا ناکا
ئەگەر قومری درۆ ناکا لە دەردی هیجرە ناڵینی
لە دەوری گوڵ لە گوڵشەندا بە جوز نەعرەی بە با ناکا
سەبووری لازمە تا ڕۆژی مەحشەر ناریا هەرگیز
فوغان و شیوەنت جەبری زەلیلی «مامضی» ناکا