شەشدەری لێ بەستووم وەک جەردەیی یوونان درۆ
تا نەگا دەستم بە ڕۆمی عەفوی بێ پایانی تۆ
ڕووسی بێ شەرتی کە وا گرتوویە موڵکی دڵ نەما
بۆ لەبی سالاری ئەفکارم مەجالی گفتوگۆ
کەی دەبێ عاجز لە سەقری خەسرەوی ساحیب شکار
گەر خیلافێ ڕوو بدا جارێ لە بازی دەستەمۆ
نوکتەیی باریک و مەعلوومە لە بازیگاهی شا
باعیسی ماتی و زەبوونی باز و توغیانی هەڵۆ
داری بەد عەهدی دەزانم خاری سەردی بادیە
بێ لەبی عیشرەت لە مەی سۆزش لە نەی دێ جۆ بە جۆ
بێ هوجوومی سەیلی عەفوت دەفتەری عەهدی وەفام
کەی بە سەد زوڵمەت سیاهی دێتە پاکی و شستوشۆ؟
قەت لەگەڵ عولوی مەقاما، عاجزی تا سەر نییە
عاسمان، بارشتی گاهێ، تەرزەیە و جارێ گەزۆ
مەتڵەبێکی حیکمەت و بێ نوکتەیی ساحیب گوناه
بێنە سەر بابی شەفاعەت بێ وەسیلە، خۆ بە خۆ
ناری گەر گەردی غەم ئەمڕۆ لە دڵ تاهیر نەکەی
وەک برینی کۆنە زامی سەختی میحنەت دێتە سۆ