لە بەختی من مەلا وا هاتە گوفتار
برووزی جەوهەری خۆی دا بە ئەشعار
دڕی یەکسەر سەراپەردەی موحەببەت
بڕی ڕشتەی وەفا، یەکسەر بە یەک بار
لە مەیدانی فەساحەتدا، سەداقەت
وڵاغی تەبعی شیرین خستە یەلغار
بە ڕمبازی کەری موشتاقی کردم
لەغاوی ئەسپی فیکرم، چار و ناچار
دەسا فەرموون، تەماشا کەن، عەزیزم
لە فڕک و هووڕی نەژدی سوار و کەرسوار
قەسەم ناخۆم وەلێ شەرتم وەها بێ
لەسەر دەم بیفڕێنم سەر بەرەو خوار
وەکوو سەرعی، کەفاوی پێ دەچێنم
وڕاوەی پێ دەکەم وەک کووتەلێ دار
فڕەی تەسبێحی پێ ئەبڕم بە جارێ
سیواکی لێ ئەکەم، عەینەن بە ڕەشمار
وەها سەر گێژ و شێتی کەم نەمێنێ
ئیمام زادە بەسی بێ غەیری ژێربار
وەها بیبەم نەزانێ ڕۆژە یا شەو
جبەی لێ بێ بە تەوق و شەدفە بێ بار
لە بیری وا بەرم دەردی ئیمامت
لەجێی ئامین بڵێ: بەگزادە هاوار
ژنی دۆڵاش و نێگرد بن لە دەوری
هەتیوی پیرەژن ڕاکەن لە نژمار
عەلیمان و مەلا شەمس و ئەمین بەگ
ئەگەر بێن و لە لای من بن ڕجاکار
نەجاتی نادەم و قەت تەفرە ناخۆم
نەڵێ تا خۆی: ئەمان و تۆبە سەد جار
لە عیلمی مەترەق ئامووزی حەقیقەت
ئەناڵێنێ لە بۆ تەعلیمی سالار