ڕۆژی عیشوە و عیشرەت و عەیش و تەرەب
ئەی موبارەک بێ لە تۆ شۆخی عەرەب
لەم مەقامە لازمە تەبریکی تۆ
گەر حەریفێ بێ کچ و عالی نەسەب
دەم وەکوو گوڵ، غەبغەبی هەر وەک تورنەج
قامەتی وەک نەخل و مەمکی وەک ڕوتەب
کافییە بۆ سوحبەت و هەم شافییە
بۆ غەمی تەنهایی و شیرین لەقەب
قەوسی ئەبرۆی وەک کەمانی حەیدەری
ڕووی بە لووسی هەر وەکوو لەوحی زەهەب
بیگرە و بیخە و گڵۆڵەی کە وەکوو
کوولەکەی دەورێش و خورما و عەنەب
بیخە شیوەن هەر وەکوو باوک نەماو
چرکە چرکی پێخە وەک چیتی حەڵەب
بیخەرە ژێر حەملەیی حەمدانەوە
بیکە گاڵتە و تێی ترنجێنە بە گەپ
سووری سەر خڕ بێنە ڕەقس و پێکەنین
لووتی هەڵماسێ و ڕەقی کە وەک حەتەب
بیدەرە بەر زەرگی تیژی قادری
پێی بکێیشە حەی حەیی یا لیلعەجەب
هەر وەکوو حەککاکی دانا هەڵ کەنە
نەخشی وامت لە لێوی ئەو بە قەپ
هەر وەکوو جۆڵا شەپیتکەی پێوە دە
لابەرە پەردەی سەرا پەردەی ئەدەب
مەسڵەحەت وایە «قل»ی لێ بکەی بە «فل»
تا هەتا ماوە لە تۆ نەگرێ عەتەب
حەملەیی شێرانە چاکە تا بڵێ!
إنه لیث شجیع منتخب
دوور لە تۆ ناری بە بێکەس ماوەتۆ
بێ حەواس و عەقڵ و ئیدراک و ئەدەب