ئاڵەکۆک

ناری add_a_photo
ناری دیوانی ناری
١٦. چاوەکەم لادە لە سەر کوڵمت نیقاب
چاوەکەم لادە لەسەر کوڵمت نیقاب
با خەجاڵەت بێ لە ڕووتا ئافتاب
مەستی عیشقم، پێم مەڵێ مەستی مەیە
عاشقی بێدار و سەرمەستی شەراب
وا بە شوعلەی ئاگری ڕوخساری تۆ
جەرگ و دڵ برژاوە بۆ تۆ، وەک کەباب
زوڵفە، یا مارە، لەسەر گەنجی ڕوخت
دووکەڵی ئاهی منە، یا میشکی ناب
نایبڕێتۆ دادی من، یا زوڵمی تۆ
غەیری حوکمی مەحکەمەی ڕۆژی حیساب
پەرچەمە، یا توڕڕەیی شاهانەیە
یا سەوادی نامەیی ئەهلی عەزاب
سەهمە یا موژگانە یا تیری قەزا
لێوە یا یاقووتە یا لەعلی موزاب
قەوسە یا ئەبرۆیە یا شمشێری زاڵ
یا کەمانی ڕۆستەمە پڕ پێچ و تاب
بۆ نەبوو ڕەحمت بە حاڵی من دەمێ؟
تا بەکەی چاوم لە ناری ئیجتیناب؟

پەراوێز edit