ئاڵەکۆک

شێخ ڕەزای تاڵەبانی add_a_photo
شێخ ڕەزا دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی
٧٣. پێنج‌خشتەکى شێخ ڕه‌زا لەسەر غەزەلی مستەفابەگی کوردی
دڵی بردم بە ناز و عیشوە دیسان شۆخی عەییارێ
فریبی دام بە سیحری چاوی خۆی، مەحبوبی سەححارێ
لە هیجرانا تەقم کرد ئەی ڕەفیقان، کوا مەدەدکارێ؟
(ئەمان مردم، عیلاجێ، سا لەڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویساڵ، یا قەتڵ، یا تەسکین، لە هەرسێ بۆم بکەن کارێ)

بە دەوری نێرگسی مەستی، کەسێ نەیماوە مەیلی مەی
لە بۆ شەهدی لەبی لەعلی، دەناڵێنێ دڵم وەک نەی
لە تابی ئاتەشی عەشقی، بکەم داد و فیغان تاکەی
(وەها سوتاوم ئەسڵا تابی فەریادم نەما، سادەی
ڕەفیقان نیوەسوتن، ئێوە، نامەرد عەرزە هاوارێ)

لە ڕێگەی عەشقدا نایانە پێم زنجیری مەجنوونی
لە دەستم چوو ڕموزی دانش و فەهمی فەلاتوونی
وەکو شەخسێ کە زاریی کا لە جەوری دوژمنی خوێنی
(لە کوونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی
وێران بێ، نەمدی ساتێ لێی نەیێ ناڵەی بریندارێ)

کە چاوی ساحیری، دەستی بە غەمزە و ناز و ئیما کرد
مەتاعی عەقڵ و هۆش و دەرکمی تاراج و یەغما کرد
کەسێ نەیگوت درێغا، کێ ئەتۆی وا شێت و شەیدا کرد
( ئەلای هەرکەس دەچم، مەنعم دەکا، خۆت بۆچی ڕسواکرد؟
درێغ، کوا حاڵ زانێ، ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ)

گوتم: وەک سورمەیە بۆ چاوی عاشق خاکەکەی ژێر پێت
لە ئولکەی حوسندا، گەر لافی شاهی لێ‌بدەی، لێت دێت
گوتی: مەیخانە بێ دایم بە یادی چاوی مەستم جێت
(سەبا، یارانی مەجلیس، گەر هەواڵی من بپرسن لێت
بڵێ: کێشایە مەیخانە، دووچاوی بێچووە عەییارێ)

سەری جەنگی هەیە دایم، لەگەڵ من، چەرخی دوونپەروەر
نە بەختم یار، نە چەرخم یاوەر و نە تاڵعم ڕەهبەر
ئەوەند بێ‌ڕەحم و ساحێب کینەیە دەرهەق بە من دلبەر
(لە نەزعا پێی دەڵێم: قوربان، جەفا بەس بێ، دەڵێ: کافر
هێما چەت دیگە، تۆ سەگ مەرگی، کارم ماگە پێت جارێ)

نەماوە ڕەونەقی بازاڕی عەقڵ و دانش و وردی
بە پوولێ نایکڕن لەم عەسرەدا، عیلمی (ئەبی وەردی)
لە ئەشعاری (ڕەزا) پەیدایە ئاساری جوانمەردی
(دووڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرنەی (کوردی)
خودا، سا کوا لە دونیادا قەدر زانێ، خڕیدارێ؟ )
دیوانی شێخ ڕەزا، شەرحی: شوکور مستەفا، لاپەڕە ١٣٢ـ١٣٤.
دیوانی کوردی، لێکۆڵینەوەی: حەمەبۆر، بەرگی دووەم، لاپەڕە ١٣٧.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit