سوپای غەم دەورەیان دام دەس بە مەترەق
لە پاش تەشریفی تۆ دایانمە بەر شەق
تعالىٰ الله لە جەللادی فیراقت
دەڕێژێ بێ موحابا خوێنی ناحەق
مەپرسە بۆ لە ھیجرانت نەمردم
کە من سەگ مەرگم و گیان سەخت و دڵ ڕەق
کە زینیان خستە سەر پەشت ماینە ڕەش کوێت
گەڕا چاوم لە تاوان زەرد و ئەبڵەق
لە شەوقی تۆ وەکوو مەنسووری حەللاج
خرووسی تەبعی من ئەیگوت: أنا الحق
لە بەزمی خەسرەواندا یەک زەمانێ
مورەخخەس بووم وەکوو دەستووری موتڵەق
ئەمێستاش تاقەتم تاقە و پەرێشان
خرووسم ئەخرەسە و حاڵم موفەششەق
لە بەر ھەیوانی مزگەوت ئێستە بێ تۆ
وەھا دێم و دەچم وەک حاجی لەقلەق
ئیلاھی عومر و جاھت بەرقەرار بێ
عەدووت سەرنگوون بێ و خۆت مووەففەق
سمێڵی شێخ ستار حَبلُ المَتينە
کەلامی شێخ ڕەزا وەحیی موسەددەق