ئاڵەکۆک

مەلای جزیری add_a_photo
مەلای جزیری دیوانی مەلای جزیری
١٠٩. سەرنجێکی هەژارانە
زۆرجار دیوانی شاعیرێک، یان پەخشانێک لە نوسەرێک، هەرچەند ئەم‌دیو ئەودیو دەکەین؛ کەم‌وایە کەمایەسیمان بێتە بەرچاو. جا نەخوازە ئەودیوانە یان پەخشانە، بەناوی پیاوێ بەناوبانگ، بەناوبانگ‌بێ.
بەڵام وەرگێر - کە هەمو وشەو دێڕێکی بە وردی ورد دەکاتەوەو دەی‌ئاژنێ - هەر پوشێکیشی تێدابێ، دیمەنی لەچاو گوم‌بابێ‌و، زۆر بەزۆپی خۆ دەنوێنێ‌وە زو دەتوانێ ساغ‌و ئەیاغ ڵیک هاوێر کا.
زۆر شێعرم لەم دیوانە دین؛ ئەگەرچی زۆریش ناسراون، بەهی جزیریم نەزانین. جزیری لە وردەکاری شاعیرانە، هیچ کەس تۆزی نەشکاندوە. قافیەی زەدەداری نەبوە. لە کێش‌و رەوتی شێعردا، کەمتر شاعیری گەیونێ. هۆی ئەمەشە: کە چوارسەدە لەسەر دەم‌و زاران ماون‌و نەفەوتاون.
جا هەروەک چیرۆکی «جامی» کە دابەزی‌و کەرەکەی خۆی بەرهەڵدا کرد؛ گوتی ئەمەش بۆ خواجەبێت؛ جزیریش لە شاعیریدا گەیوەتە پلەو پایەیەک، هەر مەلایەک لەدوای جزیری هاتبێ‌و شیعری وتبێ، کز یان قەڵەو، شل یان پتەو، چاری ناچار رەگەڵ سامانی رەوانی مەلای جزیری کەوتوە. هێندێکیش هەر سیرمە خۆر بون. لاسای ئەویان کردۆتەوە، ویستویانە لەنجەو لاری کەو فێرببن، رەوتی خۆشیان لەدەس‌داوە. ئیتر پیاوی کۆڵکە خوێندەواری وەک خۆم، هەموی بەناوی جزیری وەرگرتون‌و بەممبارەکی زانیون‌و دەناو دیوانی ئاخنیون. چوارسەدساڵ لەم‌دەست بۆ ئەودەست، ئاڵوگۆریان پێ کراوە. وەها تێک هەڵشێلدراون‌و لێکدراون، فیلم دەوێ وەیان ناسێ. بە بروای هەژارانەی خۆم، لەوانەشا، کە لە پێشودا نوسیومن، هیوا هەیە ئاوەکی بن. بەپێی توانای هەژارانەم، وا هێندێکم هەڵبژاردون‌و بەدوای دیوانم ئەسپاردون. رەنگە زۆر کەس دەگەڵ منا هاودەنگ نەبن‌و هەر بەشیعری مەلای جزیری بزانن. لاشم وایە کەسانێکی چێژەی شیعری مەلایان باش بۆ دەرکەوێ، تێدەگەن بژارەکەی‌من بێ‌جێ نەبوە. هەرچۆنێک بێت. ئەمانەش هەر شیعری کوردین‌و کورمانجین‌و سامانی نەتەوایەتین. ئەگەر شیعری مەلاش نەبن، حەیفە ون‌بن. ساوا ئێوەو ئەوشیعرانە کە بەهی مەلا زانراون‌و لە ناوەرۆکی دیواندا دەرخراون.
دیوانی عارفی ربانی، شێخ احمدی جزیری مشهوربه: مەلای‌جزیری «هەژار» شەرحی لێ کردوە؛ انتشارات سروش، چاپ اول، تهران - ١٣٦١، لاپەڕەی ٥٨٥

پەراوێز edit