دڵ پەرێشانم لە حەسرەت پەرچەمی شێواوی تۆ
ڕۆژی ڕەش کردم بە جارێ زوڵفی ئاڵۆزاوی تۆ
پێی وتم وریا بە خۆڵی ژێری ئەم کەوشی منە
وەک جەواهیرسورمەیە بۆ چاوی پڕخوێناوی تۆ
لام یەقینە بێ سوئال و جواب بەهەشت جێگەی منە
دیارە جێی جەنناتی عەدنە ڕۆحەکەم کوژراوی تۆ
ئەو دەمەی دێن و ئەپرسن لێم مەلائیک مەزهەبم
من بە خوێنی دیدە ئەینووسم لە سینەم ناوی تۆ
هەوری بەهمەن وا دیارە شیوەن و نەعرەی منە
گرمەگرم و هاتنی بارانەکەی تاوتاوی تۆ
سەروی باڵات چەندە مەوزوونە لە باخچەی حوسندا
پێوە پێچراوە سەراپا زوڵفی وەک لاولاوی تۆ
شەمعی ڕووت دەرخە فیداتم، ئەحمەدی بێچارەیە
وەک پەپوولەی بێنەوایە شێت و دڵسووتاوی تۆ