ئەی وەتەن جەننەتی یا ڕەوزەیی ڕیزوانی تۆ
باعیسی کەیفی دڵە باغ و گوڵستانی تۆ
تۆزەکەت سوورمەیە بۆ چاو و عەبیرە خاکت
ڕاستە گەر بێت و بڵێم قیبلەیی کوردانی تۆ
ئەم گوڵاڵانە کە لەم کێو و کەژە خەیمە ئەدەن
هەموو تەمسیلی ئەکەن خوێنی شەهیدانی تۆ
جێگەیی فەخری هەموو قەومی نەجیبی کوردی
ڕۆح و دڵ پارە و ماڵ گشتی بەقوربانی تۆ
بەچکەکانت هەموو جەنگ ئاوەر و ساحێب فیکرن
هەر بژیت حەقمە بڵێم دایەیی شێرانی تۆ
دەستەیەک لەو بەچەشێرانە کە ون بووبوون لێت
سەد شوکور هاتنەوە ژێر سێبەری سەیوانی تۆ
لە گوڵستانی وەتەندا هەموو وەختێ ئەحمەد
نەغمەخوانە بۆ وەتەن بولبولی خۆشخوانی تۆ