چییە ئەی گوڵ کە ڕەنگت ئێستە سوورە
چ وەقتی شادی و عەیش و سروورە
پەڕت بۆ ئاڵ و ڕەنگینن بەهاران
دوڕئەفشانن لە قەترەی ئاوی باران
مەگەر حیسست نییە تاکوو بزانی
لە خاکی کێ ڕواوی بۆیە جوانی
ئەتۆ نازانی بۆ چی ئاڵ و سووری
لە بەزما مایەیی کەیف و سرووری
ئەگەر ببوایە لای تۆ عەقڵ و فامی
دەماغ و مێشک و حیسسی تەمامی
لە جێی سووری بە ڕووزەردی ئەهاتی
گەڵاڕێزت ئەکرد ئێستا کە ماتی
سەرت وەقتێ کە دەرهێنابوو ئەبوا
بە ڕەشپۆشی بهاتیتایە دنیا
ئەترسم چونکە تۆ بێ حیسسە گۆشت
وەکوو ئینسان نییە ئەفکار و هۆشت
نەبی حاڵی لە مەعرووزاتی بەندە
هەتا شەرمەندە بی تۆ سەرفگەندە
ئەما هەر وەختێ هەنگێ یاخو مێشێ
ئەبینم من بەسەر تۆوە ئەنیشێ
هەڵئەبزڕکێ بەجارێ ڕەنگی ئاڵت
پەشێوی دێ بەسەرتا وەزع و حاڵت
کە وا بوو دیارە ئەی گوڵ تۆ ئەفامی
ئەزانی و ساحەبی عەقڵی تەمامی
ئەگەر بێت و بکەم عەرزت ئەزانی
کە تۆ بۆچ وا تەڕ و تازە و جوانی
کە وا بوو ئێستە ئەی گوڵ تۆ بزانە
سەوزبوونت لە خاکی دولبەرانە
لەسەر خاکێ بنی ڕیشەت ڕوواوە
بە جەرگی عاشقانا داخی ناوە
وە یا سەوزی لەسەر خاکی حەزینێ
کە کوژراوە بە تیری نازەنینێ
لەسەر قەبری شەهیدێکا ڕوواوی
بە خوێنی جەرگی ئەو تۆ ئاو دراوی
کە دایناوە حەیاتی خۆی بە مەردی
لەپێناوی وڵاتی قەومی کوردی
لە لق بۆیە کە تۆ سەر دەر ئەهێنی
بە چڵ سەوزی بە ڕەنگت میسلی خوێنی
بەڵام مادام کە مەحویی ئەو کەسانە
کە ئەمڕۆ مایەیی جیلوەی گوڵانە
لەبۆ تۆ بۆتە مایەی عەیش و خۆشی
بە سەربەرزی کە بەرگی سوور ئەپۆشی
ئەگەر ببوایە تۆ عەقڵت لە سەردا
ئەبوو بیکەی جلی ماتەم بە بەردا
وە یا خود تۆ بە یادی ڕۆحی یاران
ئەبوو بولبول بلاوێنی بەهاران
کە ئەو تەیرە ئەوەند مەجبووری تۆیە
شەو و ڕۆژ بۆ ویسالت ڕەنجەڕۆیە
کەچی ناپرسی تۆ ئەسڵەن لە حاڵی
دەمێ ناکەی بە دڵ مەیلی ویساڵی
بەڵێ عاشق کە ناڵەی وا حەزینە
هەموو سەرمایەیی ئاه و ئەنینە
لەلای مەعشووقە وەک دەنگی ڕوبابە
ئەگەر چی عاشقی جەرگی کەبابە
وەلێ مەعلوومە جەور و زوڵمی دڵدار
ئەبێ حەددێکی بێ بۆ عاشقی زار
خسووسەن تۆ کە خوڵقاوی لە خاکی
گەلێکی سێ کەسی سەربەرز و چاکی
ئەشوبهێی تۆ بە یەک لەو سیانە ئەی گوڵ
کە کونکون بوو بە غەمزەی سینە و دڵ
وەکوو ئەو دوانەکەی تریانە بولبول
دڵی مەشکێنە توخوا حەیفە ئەی گوڵ
لە دەرحەق بولبولی بێچارە و زار
ئەوەند مەغروور مەبە نیشان مەدە خار