من کە کوردم حەز بە بەرزیی خاکی کوردستان ئەکەم
ئارەزووی دەوری تەرەققیی حاکمی بابان ئەکەم
ناوەجاخە ئەوکەسەی خزمەت بکا بۆ غەیری خۆی
تا بە مردن شەرتە من هەر بەندەیی خۆمان ئەکەم
میللەتی من هەر وەکوو شێری ژیانن بۆ نەبەرد
ئێستەکە من چۆن ئیتاعەی ----- ئەکەم
گەر لە غەیری میللەتی خۆم بێ و ئومێدی چاکە کەم
شێت و بێ عەقڵم لە شەیتان ئیددیعای ئیمان ئەکەم
گەر لە موژگان و برۆی دڵبەر تەمای لوتفم ببێ
من لە نووکی شێر و خەنجەر ئارەزووی دەرمان ئەکەم
لابە توخوا نامەوێ دیجلە و فورات و نیلی تۆ
من بە فرمێسک ئێستەکە تەشکیلی سەد سیروان ئەکەم
جەژنی قوربان ساڵێ جارێ خەڵکی قوربانی ئەکەن
بۆ وەتەن من ڕۆژێ سەد جار ڕۆحی خۆم قوربان ئەکەم
شێتی چاوی لەیلی کوردم، بۆیە وا مەجنوون سیفەت
خۆم بە دایم ڕووت و قووت و سەرسەری و عوریان ئەکەم
سەیری کەن بەم مشتە قەومی کوردەوە مانەندی شێر
گاهێ حەملە ڕووبەڕووی ئێران، گەهێ تورکان ئەکەم
داخی کوردی فەخرە ئێستە بۆ دڵی من کافییە
بۆچ مەگەر شێتم خەیاڵی ڕوتبە و فەرمان ئەکەم
کوردم و بۆ کوردی ئەحمەد سەعی ئەکەم تا بەم زووە
ئیتتیحادی کوردی خۆمان و سنە و بۆکان ئەکەم