ڕەفیقان ئەم دڵەم ئەمشەو عەجەب حاڵی پەرێشانە
وەکوو بولبول لە عیشقی گوڵ خەریکی شین و گریانە
ئەوەند گەوهەر لە دوو چاوم ئەبارێنم لە هیجرانا
نیگار داوێنی من ئەمڕۆ وەکوو دەریایی عوممانە
ئەگەر یار ڕوو دەپۆشی حەق بەدەستە چونکە مەعلوومە
پەری دایم لە بەرچاوی هەموو مەخلوقێ پەنهانە
تلووعی خۆر ئەکا زاهیر کە گۆشەی نیمتەنی لادا
وڵات ڕووناک ئەکا هێشتا ئەڵێی سوبحی گریبانە
لە نەشئەی بادەوە وەختێ سەری کوڵمی ئەکا عارەق
بیعەینە ئەو دەڵێی بەرگی گوڵە ئەو ئاوی بارانە
ئەگەرچی دڵ بە تیری عیشقی تۆ زامار و مەجرووحە
فیدات بم خەندەیی لێوت لەبۆ ئەو دەردە دەرمانە
دەخیلم لەیلەکەی ئەسڵم بکە ڕەحمێ بە حاڵاتم
کە ئەم عاشقتە وەک مەجنوون جێگای کێو و بیابانە
بە ناری ڕوومەتی ئەو شۆخە جەرگ و دڵ کە سووتاوە
مەکەن مەنعم کە من پەروانەم ئەو شەمعی شەبوستانە
بە فیتنەی ئەو ڕەقیبەت من لە بەزمت دەرمەکە قوربان
مەبە ئیخفال بە وەسواسەی ڕەقیب هاودینی شەیتانە
وەرە با بچینە ناو گوڵزار و جانا چەند قەدەح نۆش کەین
بەهارە وا لە گشت لایەک سەدای مورغی خوش ئەلحانە
لە عیشقی ڕوویی گوڵئاسات هەموو دەم ئەحمەد ئەی دڵبەر
بە بانگی بەرز ئەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە