چارشێوی هەڵبڕی لە سەری خۆی بە شەرمەوە
یار پێکەنی بە ڕوومەوە دوێنێ بە نەرمەوە
فەرمووی بە من کە ئێستە لەبەر غەم زەعیفی تۆ
حەقتە ببی بە حەڵقە بە دەوری کەمەرمەوە
ڕووناکی چاوی من بە مولاقاتی تۆ ئەبێ
ڕۆحم فیدایی تۆیە بە نووری بەسەرمەوە
گفتا پدر تو پیر شدی ترک عشق کن
پێم وت دڵم جوانە لە عیشقی پسەرمەوە
هەر وەختێ دێتە بەر نەزەرم ڕۆژی وەسڵی تۆ
ڕەقس و سەما ئەکەم بە دڵی پڕ کەدەرمەوە
لەم ڕۆژەدا نەماوە ڕەواجی هونەر خوا
مەحوم بکا بە خۆم و بە عیلم و هونەرمەوە
ئاوارە بووم و کەوتمە چۆڵی و لە یار جودام
چیبکەم بە دەستی عەقڵی دڵی دەربەدەرمەوە
شمشێری ئەبرووانی ئەگەر دەرنەخا نیگار
ڕۆحم فیدای ئەکەم بە زرێم و سوپەرمەوە
بولبول سیفەت خەریکی فوغانم بە ڕۆژ و شەو
هەر ناڵەمە لە عیشقی گوڵی سیمبەرمەوە
وێران و چۆڵە موڵکی دڵی ئەحمەدی هەژار
ئەمڕۆ لەبەر غەمی بوتی بێدادگەرمەوە