ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
١٠١. نێرگسی شەهلا غوڵامی دیدەیی مەخموورتە
نێرگسی شەهلا غوڵامی دیدەیی مەخموورتە
گوڵ وەکوو بولبول هەمیشە عاشق و مەجبوورتە
نۆشی دارووی لێوی تۆیە ئەی تەبیبی حاڵزان
باعیسی ژین و حەیاتی عاشقی ڕەنجوورتە
ڕۆژ کە وا ڕوو زەردە سەرگەردانە هەر دێت و دەچێ
شێت و سەرگەشتەی فیراقی ڕوومەتی پڕ نوورتە
بۆ خەرابی و غارەتی مەعموورەیی دڵ چاوەکەم
تیپی موژگانت بەدایم لەشکری مەنسوورتە
پێی وتم هۆشت ببێ ئەو ڕێگە وا من پیا ئەڕۆم
تۆزی ئەو دەرمانی چاوی پڕ لە خوێنی سوورتە
گەر حەقیقەتبینی عاشق لابە نەعلەینی حەیات
جێی تەجەللای حوسنی ئەو دڵدارە کێوی توورتە
تۆ کە شیرینی زەمانی من کە فەرهادی غەریب
حەیفە بۆ تۆ خوسرەوی خووبان ڕەقیب شاپوورتە
بۆ چی عاشق شێتی تۆ وا مەیلی فیردەوست هەیە
بەزمی ئەمشەو جەننەتولئەعلایە دڵبەر حوورتە
گەر نیگاهێکت لەگەڵ مندا ببێ عەیبی چییە
تۆ سولەیمانی زەمانی عاشقیشت موورتە
مەنعی تۆ ناکەم کە بێباکانە خوێنڕێژی ئەکەی
موقتەزای ئەحواڵ و تەبعی سەرکەش و مەغروورتە
ئەم قەسیدە وەختێ هاتە خزمەتت بیخوێنەوە
عەرز و حاڵی بەندەیێکی بێنەوای مەهجوورتە
ئەی دڵە بەسیە هەتا کەی تۆ خەریکی هاتوچۆی
موشکیلە وەسڵی تەمەننای مەتڵەبێکی دوورتە
بەسیەتی تاکەی لە حەق ئەم بەندە بێ لوتفی ئەکەی
ئەحمەدی بێچارە تەنها عاشقی مەغدوورتە

پەراوێز edit