ئاڵەکۆک

ئەحمەد موختار جاف add_a_photo
موختار دیوانی ئەحمەد موختار جاف
١٠٠. لە پەنجەی بگرە خوێنی جەرگی من هەر بۆ حەنا چاکە
لە پەنجەی بگرە خوێنی جەرگی من هەر بۆ حەنا چاکە
لەبۆ تەسکینی قەلبی زاری من لوتفێکی وا چاکە
فیدات بم تۆ کە ئێستا بوویت بە هەمڕازی ڕەقیبانت
ئیتر بۆ ئێمە دایم ناڵە و شۆر و نەوا چاکە
وتم قوربانی تۆ بم لادە زوڵفی خۆت لەسەر ڕوخسار
وتی بۆ پاسەوانی گەنجی وا هەر ئەژدەها چاکە
بە ئوممێدی ئەوەی جانا کە بۆنی زوڵفی تۆی لێ بێ
سەر و ماڵم بکەم قوربانی ڕێی بادی سەبا چاکە
وتم من ڕۆحی خۆم قوربانی ڕووی تۆ کرد دەسا ڕەحمێ
وتی نازانی تۆ پەروانە بۆ دەوری چرا چاکە
زەمانە چونکە خۆی ئەسڵەن بەقای بۆ کەس نییە تا سەر
تەماشا کەن هەمیشە بۆ کەسانی بێ وەفا چاکە
لە وەزعی چەرخی دوونپەروەر مەبە تۆ عاجز ئەی ئەحمەد
کە چەن ڕۆژێ لەبۆ ئەشخاسی سپڵە و بێ حەیا چاکە

پەراوێز edit