یار بە ماچی لێوی خۆی زامی دڵان ساڕێژ ئەکا
توند تەماشاکردنێکی شەخسی عاقڵ گێژ ئەکا
ئەی خودا تا کەی لە دەرهەق من وەفا و مەیلی نییە
بۆچ گڵۆڵەی بەختی من هەر ڕوو لە جێگەی لێژ ئەکا
ماڵەکەم وێران ئەکا، ڕۆژم ڕەش و تاریک ئەبێ
یار بە سورمەی ناز کە وەختێ چاوی خۆی کلڕێژ ئەکا
وشکەسۆفی هاتبوو ئەیوت بەهەشت هەر بۆ منە
ڕیشی خۆی جووڵان وەکوو سابرێن کە شەو کاوێژ ئەکا
کەی خوا توججارە، خوا گەورە و غەفوور و عادڵە
چۆن لەگەڵ عەبدا حیسابی قەرزی ڕۆژوو و نوێژ ئەکا
قافییە هەر چەندە تیکرارە بەڵام ئەحمەد بەدڵ
هەر بەیادی تاقی ئەبرۆی تۆیە جارجار نوێژ ئەکا