موحیتی عاریزی دڵبەر لە سەردا زوڵفی پڕچین هات
بە دەوری باغی گوڵدا، تەرزی سونبول، مەحزی پەرژین هات
هەوای ماچی لەبت ڕێی بەندەری زوڵفی بە دڵ ون کرد
موسافیر بۆ سیاحەت سوویی چین چوو تووشی ماچین هات
بە تەم کەللەی دەماوەند بوو لە ئاهم گەردەنەی ئەلبورز
بە ڕێی ڕەیدا کە قیسمەت ڕۆژی ئەووەڵ بوو وەرامین هات
کەلامی وەسفی حوسنی تۆم دەخوێند دوێشەو بەتەنهایی
لە پەردەی غەیبەوە تا ڕۆژ بە گوێما دەنگی تەحسین هات
دوعام بۆ دەفعی چاوی بەد لە حوسنی تۆ دەکرد ئەمشەو
لە دەم روح الأمین تا سوبحدەم ئاوازی ئامین هات
حەدیسی کوشتنی فەرهادی بێکەس پێت بڵێم چۆن بوو؟
لە شەوقا دای بە سەریا تیشە وەختێ، دەنگی شیرین هات
هەمیسان کەوتە خوێن زەخمی دڵی سالم، وەکوو جاران
بە سروەی بای سەحەر یەکدەم، کە نەفحەی زوڵفی موشکین هات