جیهان ئارایە مەه ئەمما نە وەک ڕووت
هیلالی یەکشەبە ناگاتە ئەبرووت
لە لەبتا مەنبەعی ئابی حەیاتە
دەڵێی ڕێی زوڵمەتە هەر سوو لە گێسووت
هەوای سێبی زەقەن ئەی دڵ نەکەی قەت
موهەییایە لە ڕێتا چاهی هاڕووت
کە تۆ غائیب دەبی تاریکە چاوم
دەڵێی نوقتەی بەسەرمە خاڵی هیندووت
بە یادی لەعلی دڵبەر ئەشکی خوێنین
مەڕێژە لەعلی خۆی نادا بە یاقووت
لە نوتفەی، تیفلی موشک، ئاهوو عەقیمە
نەبا فەحلی سەبا گەر بۆ خەتا بووت
لەگەڵ بەرگەشتەبەختی من موژەی تۆ
قیاسم کرد لە ڕووتا وەک یەکن جووت
تەبی موحریقمە بۆ پوستان و لێوت
دەوای تەبریدی من عونناب و لیمووت
لە باغا غونچە مەشقی لێوی تۆی کرد
نوخوستین گوڵ لە خەندەی تۆوە پشکووت
مەپۆشە ڕووبەڕوو ڕووی ئافتابت
بەبێ ڕووی تۆ دەلەرزێ سالمی ڕووت