ئاڵەکۆک

سالم add_a_photo
سالم دیوانی سالم
٢٤٨. لە تەرەف یارەوە نۆبەی نەزەرە
لە تەرەف یارەوە نۆبەی نەزەرە
ئەی دڵ ئامادە بە خوێنت هەدەرە
گەهی کین زەهرە ئەگەر هەر نیگەهی
عوزری مەسمووعە کە لێوی شەکەرە
تەشتی پڕ خوێنە بەدایم سینەم
تا موژەت بۆ ڕەگی دڵ نیشتەرە
وەزنی یەک بۆسە و جورمی سەر و جان
لە تەرازوویی ئەوا سەربەسەرە
سەری ئەنگوشتی دەبێتە نەیی قەند
دەستی هەر کەس لە میانت کەمەرە
وەسڵی ئیکسیرە وەلێ زەحمەتە بێ
قامەتی سەروە وەلێ بێ سەمەرە
بۆ کەسێ سوحبەتی مەعشووقی نەبێ
حاسیلی هەر دوو جیهان دەردیسەرە
تالیبی وەسڵی کەسێکم بە دوعا
وەسڵی فیردەوس و فیراقی سەقەرە
وەختی خەندە و نیگەه و عیشوەیی یار
سالم ئەر زەبتی نیگەه کا، هونەرە

پەراوێز edit