ڕۆژی دڵ هەر شەوی تارە چ لەوێ بم چ لەمێ
مەنزڵی گێسوویی تارە چ لەوێ بم چ لەمێ
گۆشەگیرم لە فیراق و لە ویسال دەمخەیە لا
جایی من هەر لە کەنارە چ لەوێ بم چ لەمێ
گاهی بوعدت دەڕژێ لوئلوئی ئەشکم وەکوو قورب
دیدە مەشغووڵی نیسارە چ لەوێ بم چ لەمێ
جەوری وەسڵت شەرەر و حاڵی فیراقت سەقەرە
مەنزڵم هەر دوو لە نارە چ لەوێ بم چ لەمێ
بەری دا تووڕڕە دڵ و لەشکری غەم دەورەیی دا
گەردی ئەو جوملە خەسارە چ لەوێ بم چ لەمێ
تا خەیاڵ قووەتی بێ قوربە بە سالم فیرقەت
ڕوویی جانانە دیارە چ لەوێ بم چ لەمێ