سەراپا بەندە ئەندامم لە قەیدی سیحری جادوویێ
فەرەنگی مەزهەبێ، تەرسامیزاجێ ئاتەشی خوویێ
بە ئیما قاتیلی عوششاقە دیدەیی مەست بێماری
دەکا سەیدئەفگەنی سەییادی خوونڕێزم بە ئاهوویێ
وەفا ناکا بەڵا بەم موومیانەی من سەری یەک موو
ئەگەر هەر مووم زوبانێ بێت و دەرکا هەر زوبان موویێ
سەرەنگوشتی گەزی ڕاهیب کە دیی خاڵێ لە موهری ڕوو
بەسەریادا وتی: هەممەنزڵی عیسایە هیندوویێ
خزرئاسا دڵم ئابی بەقای نۆشی لە خوەی عاریز
کە شەوهای زوڵمەتی تەی کرد لە حەلقەی چینی گێسوویێ
لە سایەی تووبەیا زەخمی دەشۆن مەحشەر لە کەوسەر حوور
بەرێ هەر کەس لە دونیادا برینی تیغی ئەبروویێ
حیجابت با بە ناری ئارەزوو، سالم نەسووتێنێ
لە چاکی جامە بۆ دەفعی تەبی، سا دەرخە لیموویێ