بە ئیما گەر لە عاشق خواهیشی مەعشووقە بۆ سەر بێ
ئەگەر نەیخاتە بەر پێی ڕووڕەشی سەحرایی مەحشەر بێ
لە ڕووی ئەو شەمعەدا سیححەت تەڵەب کا قوربجۆ سەهوە
دەسووتێ یەک نەزەر پەروانەئاسا گەر سەمەندەر بێ
لە مەیدانی نەزەر چاوت شەجاعەت نایەڵێ بۆ من
بە چاو کێ دیی غەزالی وا کە سەییادی غەزەنفەر بێ
لەسەر خاڵی ڕوخت کەس وەسفی خاڵی کەس نەکا خەتمە
خەلیلی پێ بڵێن نابێ کە هەر کەس جێی لە ئازەر بێ
هونەر سابت دەکەم بۆ ئەو ئیمامەی قامەتی تۆی دی
لە وەختی خوێندنی قدقامتا گەر ڕووی لە مینبەر بێ
لەناو سینەی قەفەسما شەرتە ئازادی نەکەم ئیتر
لە داوی زوڵفی دڵبەر گەر بە سالم مورغی دڵ بەربێ