ڕەفیق بێن و تەماشاکەن دەمی بووک بردنە ئەمشەو
هەوای بووکێ بە دان و مەیلی زاوا کردنە ئەمشەو
موهەییای کرد فەلەک تەوقی بلووری بۆ ملی داماد
چەلیپا هەر دوو پێی بووکی دوشاخەی گەردنە ئەمشەو
لەگەڵ کارواندا ئاوازی پۆیلە وەک جەرەس هەستا
لەدەست زاوا لەدەست بووکا خڕنگەی بازنە ئەمشەو
دەڵێن: بەربووکی باوان دەستەخوشکی مادەری بووکە
لە زاوا خۆی دەپرسم: بیکرە بووکێ یا ژنە ئەمشەو؟
خەزوورەی بووک لە ڕەقسایە وەکوو ئوشتر لە ڕووی بەچچە
خەسووی زاوا لەبەر دوختەر لە حاڵی مردنە ئەمشەو
هەتیو و پیرەژن فیتنەن، بڵێ: سا قاو دە با دەرچن
لەدەوری پەردە، جوز مەحرەم، دەمی دەرکردنە ئەمشەو
نەفیری شادییانەی مادەری زاوا بوڵەند نابێ
چ بوو عیننینە زاوا، یا مەگەر بووک بێ بنە ئەمشەو