ئەگەر دەستم دەگاتە گۆیی پوستان
دەکەم گۆی مەتڵەبم بیروون لە مەیدان
لە غەمزەی تۆوە دڵ ڕووبین تەنێکە
بەجێ ماوە لە تیرت بەسکی پەیکان
بەرابەر لەشکری کەیخوسرەوی عیشق
گورێزی دا خیرەد وەک شاهی تووران
بزانم گەر هیلاکی موددەعی دێ
لە فرمێسکم دەڕێژم ڕەنگی تۆفان
سمی گۆڕ و سەری بەهرامە جێی تیر
نیگاه ئاهوویی من گەر بێتە مەیدان
لەڕووی دەریایی غەم خوێنزایە دیدەم
لەجێی لوئلوء سەدەف پڕ بوو لە مەرجان
کەفی عەقڵی بڕی دڵ وەک زولەیخا
بە تیغی غەم لە عیشقی ماهی کەنعان
ئەگەر دڵبەر قوبووڵ کا دینی تەرسا
دڵا تۆ وەیسە بی، گەر نەبیە سەنعان
لە گریەی سالمی دڵدادە دڵبەر
دەبێ خوڕڕەم وەکوو گوڵشەن بە باران