ژەهرە مول بێ ڕووت بە والله العظیم
خارە گوڵ بێ بووت بە بالله الکریم
تاقە خاڵی ڕووت بە تەجریدی مەسیح
ساحیرە چاوت بە ئیعجازی کەلیم
نەقشە ڕووت بۆ دڵ بە شاهی نەقشبەند
یاری دێرینە بە قورئانی کەریم
قامەتت سەروە بە گوڵزاری ئیرەم
سیبە ڕوخسارت بە فیردەوسی نەعیم
پەرچەمت تارە بە وَاللَّیْلی کەلام
بێ وەفا و ڕەحمی بە ڕەحمان و ڕەحیم
خەم بووە قەددم بە شەمشێری عەلی
قیسمەتم عیجزە بە تەقسیمی قەسیم
بێ لەبت شاد نیم بە سەرچەشمەی حەیات
دەردی تۆ نادەم بە دەرمانی حەکیم
ڕەونەقە بۆ حوسنی تۆ ئاشوفتەگی
سەرحیسابم خۆم بە ئەسراری عەلیم
سالمیم ڕابورد بە مەرگی دڵبەرم
دڵ بریندارم لەبەر دیدەی سەقیم