وەک گوڵ هەموو دەمە دەرەوەم سەر بە سەر زوبان
وەک غونچەیە دەروونی، دڵی گوڵ لە سەر زوبان
یەعنی، کە زیکری زاهیرم و فیکری باتینم
هەر وەسفی لێوتە، بە هەموو دەم، بە هەر زوبان
ناوت دەبەم، دڵم بە زوبانم حەسەد دەبا
یادت دەکەم، لەگەڵ دڵەکەم دێتە شەڕ زوبان
دێ باسی دیدە و لەب و گوفتاری تۆ بکەم
بادام و شەککەر و نوقڵم دێتە بەر زوبان
هەر حەرفی کوشتنە کە دەمی پێ بپشکوێ
ئەم تووتیە بە خوونی پژاوە مەگەر زوبان
بۆ شوکری جەوری ئەو دو برۆیە لە قەتڵما
هەر بن مووێکە میسلی گوڵی شەست پەڕ زوبان
هەر ئەم زوبانە باعیسە بۆ سەربڕینی شەمع
مەحوی! سەرم ڕەحەت بووە بێڵێ ئەگەر زوبان