نیسبەت بدرێ حوور و پەری گەر بە لە تۆ چوون،
باڵیدە دەبن تا دەگەنە ئەوجی لە خۆ چوون
ئەم خەڵقە کە وا تێ گەییون گەییونە مەقسوود
ڕێشگاویەکی مەحزە، بە دەردی من و تۆ چوون
بۆ جیلوەی بێچوونی نییە قوەتی چوونم
لا حول و لا قُوّة کە من حەولمە بۆ چوون
بێچوونە عەدەم، پەی بە سۆراغی دەمی نابەیی
فایز ببە بەم گەوهەرە لەو بەحرە بە ڕۆ چوون
موشتاقی دەمی تێغت ئەوەندە بە بەهانەن
بۆ چوونە فەنا، هەر بە ئیشارێکی برۆ چوون
خەندێکی لە غونچەی دەمی تۆ دی کە لە باغا
هەر لەو دەمەوە لێو و دەمی غونچە لە گۆ چوون
بۆ قورسی گەنمگوونیە ڕۆحی چووە مەحوی
وەک زاهید و سۆفی کە لە بۆ خەپلەیی جۆ چوون